لەژێر ئاسمانێکی پڕ هەوردا، گەڕان بەدوای تروسکایی ئەستێرەکان بۆ ژماردن شێتییە، ئەوکاتەی بۆشایی لە جێگای کەسێکتدا دروست دەبێت و چیدی لەوێدا نایبینیتەوە، دۆزینەوەی گرانە، گەڕان بەدوایدا ئاسانترە.
ئەمە جیاوازییەکەیە.

فیلمێکی درامیی و ڕۆمانس و میوزیکییە. گەڕان بەدوای خۆشەویستییەکی لەپڕ و ونبوو ئاڵۆزی دەکات. چێژبەخشە و پڕە لە گۆرانیی و ڕەنگی سەرنجڕاکێش و درامیی. باشترین کاری فیلمەکە نواندنی ئەکتەرەکانە، دواتر ڕەنگ و ئاتمۆسفێر و شوێنەکان.

باشتر وایە لە دۆخێکی ئارامی دەروونییدا سەیر بکرێت و لەگەڵ خێزاندا گونجاو نییە.
337 views
Loading...
شاکارێکی دیکەی سینەما و دیدێکی نوێ

هەمیشە باوەڕم وابووە لەدوای ئەو کردارە ناشرینانەی مرۆڤ بەرانبەر مرۆڤ دەیکات، هەستێك هەیە کە وادەکات جێی لێخۆشبوون بن. لەلای من وایە، بەڵام دەکرێت وا نەبێت، ناشبێت; قورسە مرۆڤ دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە لە هەمان کاتدا باوەڕی پێیەتی و خۆشیشی ناوێت.

فیلمی زۆڵی نەنگ، وەك هەمیشە باوە، ڕق بە ڕق وەڵام دەداتەوە. بەڵام وادەکات هیوا بۆ ژێردەستەیەکی فاشیستی خوێنڕێژ بخۆیت و لە خەم خواردن بۆ حەقبێژێکی بەدەسەڵات دوور بکەویتەوە. زۆر سەرسامانە حەزی کوشتنی مرۆڤێکت لەلا دروست دەکات کە بۆ مانەوەی خۆی هەوڵدەدات. پرسیارە گەورەکەی ئەم فیلمە لەناو جەرگی ئەو مانەوەیەدایە.

یاریکردن بەو مۆسیقایەی کە یەکێکە لە پەسەندترینەکانم و گرتەی تەواو و ڕۆڵگێڕانێکی داستان ئاسا، سینەماتۆگرافییەك لەوپەڕی ناوازەییدا، لەگەڵ کۆمیدیایەکی ڕەش و بێ شەرم، لەلام ئەم فیلمەیان گەورە و جوان کردووە.
312 views
Loading...
سجین-Siccin, زنجیرە فیلمێکی ترسناك و هەستبزوێنە و لە ٤ بەش پێکهاتووە، هەر بەشێک و چیرۆکێکی جیاوازی هەیە. لە بەرهەمەکانی سینەمای وڵاتی تورکیایە و شان بە شانی زنجیرە فیلمی Dabbe، بە یەکێک لە ترسناکترین فیلمەکان دادەندرێت.
بە شێوەیەکی گشتی، چیرۆکی هەموو بەشەکان باسی جادووکردن و سیحر دەکات. بەکارهێنانی ماتیریاڵی سەرنجڕاکێش و تۆمارکردنی دیمەنەکان لە شوێنی سامناک و تۆقێنەر لەگەڵ گرتەی سینەماتۆگرافی کەسی یەکەم، هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم فیلمانەن.
بە هۆکاری ئەوەی ڕووداوەکانی نێو ئەم فیلمانە وەرگیراون لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە چینی خەڵکی ئاساییەوە هەیە، توانیوییانە جێگایەکی باش لەنێو داخوازییەکانی بینەردا بکەنەوە. لە هەمان کاتیشدا زۆرن ئەوانەی بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان بەم ڕووداوانە نییە و پوچی دەکەنەوە.

بە ڕا و بۆچوونی من، سینەمای تورکی لە بواری فیلمی ترسناکدا گرەوێکی باشی لە هۆڵیوود بردووەتەوە. بەهۆکاری بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانە، دەتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ سینەماکانی جیهان بکات لە بواری فیلمی ترسناکدا.
322 views
Loading...
گەشتێکی درامی کۆمیدی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە لێواری دڵی خۆشەویستییەوە بەرەو تاریکیی ڕۆح. باوکێك بۆ پاراستنی کوڕە بچکۆلانەکەی لە مردن، زبری زیندان و چنگی هەڵۆ ئاگرینەکان دەکات بە گەمەی چاوشارکێ و لەوپەڕی نائومێدییدا ژیانێکی ڕەنگاوڕەنگی بۆ دەخولقێنێت. بە سادەترین شێوە، دەتخاتە بەردەم قوربانییدان و فێرتدەکات مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەبەردەم مەرگ و دوژمنیشدا دەم بەخەندەبێت.

سینەماتۆگرافییەکی ناوازە و ئاتمۆسفێرێکی پڕ لە مۆسیقا و ڕەنگ و جوانیی، دیمەنی سەرنجڕاکێش و سەرسوڕهێنەری سروشتی ئیتاڵیی ئەم فیلمەیان جوانتر کردووە لەدوای چیرۆکەکەی.
373 views
Loading...
updated
لە نێوان مردن و لاوازییدا جگە هیچ، شتێکی تر نییە. تاکە جیاوازییشیان بوون و نەبوونی ڕۆحە. هەستکردن بەم ڕاستییە تەنها لای ئەوانە ڕوونە کە لە لێواری مردن یاخود لێسەندنەوەی ڕۆحی کەسێکی دی و خۆیان، گەڕاونەتەوە. مرۆڤ بە لێسەندنەوەی ڕۆحی کەسێکی دی وەك لە خۆی، دەتوانێت زیاتر ئازاری خۆی بدات. ئەمە بۆ دڕندەترین مرۆڤەکانیش هەر ڕاستە.

فیلمی (میکانیکی) تێکەڵی دەردێکی کوشندەت دەکات و ناتکوژێت، هەوێنی ئەو داخ و ئازارانەیە کە مرۆڤ پێوەی دەناڵێنێت. زیرەکانە یاری بە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانت دەکات و دووجار هەڵتدەخەڵەتێنێت.
تەنهایی و ئازاری تاوان لە ناوجەرگی فیلمەکەدا خول دەخۆن و ئاتمۆسفێری فیلمەکەیان بە زووخاو هەڵکێشاوە. هەستە ڕاستەقیینەکانی مرۆڤ دەردەخات، دەریدەخات لەوپەڕی بێکەسییشدا، کەسێك هەر هەیە تا لە ئازارەکانمان کەم بکاتەوە، بەو مەرجەی خۆمان ویستی کەمکردنەوەیانمان هەبێت.

لەڕووی سینەماتۆگرافییەوە، گرتە و ڕەنگ و دیمەنەکان جوان و سەرنجڕاکێشن. لەڕووی دەرهێنان و تەکنیکەوە، بەڕەچاوکردنی ساڵی بەرهەمهێنانەکەی، باشە. هەرچی ڕۆڵگێڕانی ئاکتەرەکانیشە، ڕۆڵگێڕانێکە سەرنجت ڕادەکێشێت. بەتایبەتی ڕۆڵی (کریستیان بەیڵ) کە ڕۆڵی سەرەکیی فیلمەکەی گێڕاوە.

*فیلمەکە بۆ منداڵ گونجاو نییە و فیلمێکی خێزانی نییە.
345 views
Loading...
تا زیاتر ورد ببمەوە زیاتر دەزانم دەمەوێت ببم بە کێ. دەمێک بوو ئەمەم لە خۆمدا بەدی دەکرد، بەڵام تاوەک بینینی ئەم فیلمە نەمدەوێرا بیڵێم.
نووسەری ئەمریکی (ئێدگار ئالان پۆو) دەڵێت: "هەموو ئەوەی دەیبینین یان بینیومانە تەنها خەونێکن لەنێو خەوندا". ئەم بیرەش زۆر لە بیری خەیامی دەچێت. هەر ئەم وتەیەش کاری تێکردم دووبارە تێبفکرێم; کەی و لەکوێدا و چۆن و بەچی دەمەوێت ببم بە کێ.

هەڵبەت ئەم فیلمە، باسی ئێدگار خۆی دەکات و لە شیعری (The Raven - قەلە ڕەش) و کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی ئؽدگار خۆیەوە وەرگیراوە و بەرهەمهێندراوە. هاوشێوەی شیعر و چیرۆکەکانی، پڕە لە ئاتمۆسفێری سەرسامکەر و تۆقێنەر و پڕ لە خرۆشان و نهێنی پەنهان. پڕە لە نواندنی پاکزاد و ڕاست، هەڵچوون و داکەوتنی دروست. لەگەڵ ئەوەی ماوەی دەقەکانی پۆ و دەرهێنانی ئەم فیلمە سەروو سەدەیەکە، بەڵام بە هێزەوە دەتخاتەوە نێو هەم جیهانی بیرەکانی پۆ و هەم ئەو سەردەمەی تیایدا ژیاوە کە ساڵانی ١٨٠٠ بووە.

فیلمەکە باس لە زنجیرەیەک کوشتنی تەمومژاوی دەکات، بیرۆکە و هۆکاری ڕوودانیان لە ئەندێشە و خەیاڵەکانی ئێدگار خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە.
لەڕووی چیرۆکەوە شاکارە، نواندن و ئاکتەرەکانیش ناوازە بوون. سینەماتۆگرافییەکەی و لە گرتنی دیمەنەکاندا هەڵەی زۆر کەمی هەبوو. بوونی چەند پارچەیەک لەو مۆسیقایانەی پێیان ئاشنام تیایدا، دڵخۆشی کردم. بەهۆیەوە زیاتر گرنگی بە ئێدگار دەدەم و لەلام شیعرەکان و چیرۆکەکانی جوانتر کرد.
301 views
Loading...
لە یادمە کاتێك منداڵ بووم تەمەنم لە تەمەنی قۆناغی ڕەوزە تێپەڕی نەکردبوو، بەدوای دۆزینەوەی نائاساییدا دەگەڕام. یەکێك لەو یاری دۆزینەوانەم، جیاواز لە چاوشارکێ، دۆزینەوەی کات بوو. ئەوکات هیچ زانیارییەکی زانستییم نەبوو، بەڵام بە ژوورەکاندا ڕامدەکرد و هەوڵمدەدا شتی نەبینراو و ناوازە بدۆزمەوە. دەمویست لە ژوورێکیان هاوار بکەم و بەخێراییەکی زۆر بچمە ژوورەکەی تر و گوێم لە هاواری خۆم ببێت، بەمانایەکی تر کات و خێرایی دەنگ ببەزێنم و گوێم لە ڕابردووی خۆم بێت.
بە بینینی ئەم فیلمە بایۆگرافییە، ئەو یادگارییەی خۆمم هاتەوە پێش چاو.

فیلمی مێژوویەکی کورتی کات، جیاواز لە فیلمەکەی (Theory of everything) و پەیوەست بە کتێبی (A Brief History of Time) باسی گریمانەی کات و دروست بوونی گەردوون و کات دەکات. ئەم فیلمە بایۆگرافییە دۆکیۆمێنتارییە، چاوپێکەوتنە لەگەڵ کەسە نزیکەکان لە ستیڤن هۆکینگسەوە و هۆکینگس خۆی. بە باسکردنی مێژوویەکی کورتی ژیانی هۆکینگس دەستپێدەکات و بە گەورەترین پرسیاری ژیان کۆتایی یەت. دەپرسین; بۆچی ئێمە بوونمان هەیە؟.

هەرچەندە ماوەی فیلمەکە بەراورد بە قووڵی باسەکە، زۆر کورتە. بەڵام شتێکی جیاواز و سەرنجڕاکێشە. گەر بە وردی سەرنجی پێبدرێت، پرسیارە ئاڵۆزە قەدەغەکراوەکان دەست دەکەن بە خرۆشان لە مێشکدا.
335 views
Loading...
بۆ من سەیرکردنی فیلمێك، بەهێندەی تەواوکردنی کتێبێك ترسی هەبووە.
واتە زۆرکات هەفتەیەک بیرم لەوە کردووەتەوە کەی و چۆن بتوانم سەیری فیلمێك بکەم تاوەك بتوانێت تیامدا بتوێتەوە، لێی تێبگەم، فێرم بکات.
ئەم فیلمەش، هەر وەک فیلمەکانی (The tree of life, Nymphomaniac vol I&II) چەند ڕۆژێك لە بیرکردنەوەی خایەند تاوەك توانیم دەروونمی بۆ ئامادە بکەم و سەیری بکەم.

تێڕوانینی من بۆ دیمەن و وتە و هەڵسوکەوتەکانی فیلمەکان جیاوازە لە تێڕوانینە باوەکە. من دەمەوێت لە هەمان کاتدا، سایکۆلۆجیای دەرهێنەر و ئەکتەرەکان و خودی چیرۆکەکە خۆی شی بکەمەوە. گرتە و ئاتمۆسفێر و دیمەنەکان، دووبارە لە خەیاڵمدا و بە چیرۆکەکانی خۆم بئافرێنم و ئەو ڕاستییەی لە فیلمەکەدا ڕودەدات بەرجەستەی خۆمی بکەم.

ئەم فیلمە باسی هەموو شتێك دەکات جگە لەو سروشتە خەیاڵاوییە نەرم ونیانە نەبێت کە مرۆڤایەتیی خەونی پێیەوە دەبینێت. *(ڕەگەزپەرستیی، خوێن، دەستەواژەی توند و ڕەق، جێندەر، کوشتن) هەموویان بە شێوەیەکی واقیعیی و زیندوو خراونەتە ڕوو لێرەدا.

زۆر بەباشی ئەزانم ئەوانەی ئەیانەوێت بە دروستیی لە ژیانی تاك، وەک خودێکی برینداری دەستی ڕەگەزپەرستیی تێبگەن، سەیری ئەم فیلمە بکەن.

کاریگەرترین دیالۆگی نێو فیلمەکەش بەلامەوە ئەمەی خوارەوە بوو:

Bob Sweeney: There was a moment, when I used to blame everything and everyone for all the pain and suffering and vile things that happened to me, that I saw happen to my people. Used to blame everybody. Blamed white people, blamed society, blamed God. I didn't get no answers 'cause I was asking the wrong questions. You have to ask the right questions.
Derek Vinyard: Like what?
Bob Sweeney: Has anything you've done made your life better?

لە زۆر ڕووەوە فیلمێکی بەهێز و تەواوە. باشتر وایە ئاستی تێگەیشتن و تەمەن گونجاوبێت بۆ سەیرکردنی، لەگەڵ خێزانیشدا گونجاو نییە.
328 views
Loading...
فیلمە فانتاسییەکان کاتێک تێکەڵی خەیاڵی زانستیی دەکرێن، پێویست دەکات فیزیاناس یان بیرکاریناس بیت تاوەک لێیان تێبگەیت. لەدوای تەواوبوونی ئەم فیلمە، چەند کاتژمێرێک من نەخشەم بۆ تێگەیشتنی داڕشتووە. ئێستاش هەندێک کەلێن هەن بە هیچ بۆم پڕ ناکرێنەوە.

ئەم فیلمە باس لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو وە گەشتکردنەوە بەرەو داهاتوو وە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەم کردارانە دەکات یەک لەدوای یەک. یەکێکە لەو فیلمانەی مەتەڵەکە لەنێو سەرتدا دروستدەکات و ناتوانیت لێی دەرباز ببیت، هەروەک (Interstellar) و (Shutter Island). چیرۆکێکی ناوازە و سینەماتۆگرافییەکی لەو ناوازەتری هەیە. ڕاستییەکانی نێو فیلمەکە سەرەڕای فانتاسی بوونیان، شۆکت دەکەن.

فیلمێکی بەهێز و چێژبەخشە، بیبینن.
321 views
Loading...
ئێستەش، زۆر شت ماون تا بیاندۆزینەوە. لەگەڵ حەزی زانیندا، هێزی گۆڕانکاریی گەورەتر دەبێت. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە وایکردووە مرۆڤ زیرەکترین و مەترسیدارترین بوونەوەربێت لەنێو هەموو بوونەوەرەکاندا.
زنجیرەی دۆکیۆمێنتاری (هەسارەی زەوی)، زنجیرەیەکی تەمەن ١٢ ساڵەی چەناڵی BBC ئینگلیزییە. ئەم زنجیرەیە هەناسەی نەهەنگە نەناسراو و ونەکانی ئەوپەڕی زەریاکان دەهێنێت و لەگەڵ ساردترین بای بەرزترین چیاکان تێکەڵی دەکات. زەوی دەدوێنێت و لێی دەپرسێتەوە. مرۆڤ تێکەڵی دونیایەك لە سروشت و جیهانی نەبینراو دەکات.
زنجیرەکە ماوەی ٥ ساڵی خایەندووە تاوەك بەتەواوەتیی هەموو ئەڵقەکانی تۆمارکراون و ئەوکات بە گرانترین زنجیرەی چەناڵی BBC دانرا لە ساڵی ٢٠٠٦.

ڕیزبەندی ئەڵقەکانی زنجیرەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١- لە جەمسەرەوە بۆ جەمسەر
٢- چیاکان
٣- ئاوە سازگارەکان
٤- ئەشکەوتەکان
٥- بیابانەکان
٦- جیهانە بەستووەکان
٧- دەشتە مەزنەکان
٨- دارستانەکان
٩- دەریا تەنکەکان
١٠- دارستانە وەرزییەکان
١١- زەریای قووڵ

سینەماتۆگرافییەکی مەزن و هەڵبژاردنی ناوچە و سروشتە جیاوازەکان، تیشك خستنە سەر وردەکاریی زۆر و باسکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی سروشت و ئاژەڵەکان دەیکەن، زنجیرەکەی وەها گەورە کردووە پلەبەندییەکی باش وەربگرێت لە نێوان زنجیرە دۆکیۆمێنتارییەکاندا. لەگەڵ دەنگە ناوازەکەی (David Attenborough) لە بێژەریی زنجیرەکەدا، جوانتر قووڵدەبیتەوە و هەست بە بوون دەکەیت.

بریا زووتر ئەم زنجیرەیەم ببینیایە، چونکە دەریدەخات ئێمە بەبێ بوونی بچوکترین بوونەوەرەکانیش، ئەوانەی بە خەیاڵ و ئەندێشەشماندا نایەت، هیچ نین و بوونمان نامێنێت.
جێی باسیشە وەرزی دووەمی زنجیرەکە لە ساڵی ٢٠١٦ و دوای ١٠ ساڵ لە بەرهەمهێنانی وەرزی یەکەم، بەرهەمهێندراوەو و ٦ ئەڵقەیە و جارێ نەمدیوە.
319 views
Loading...