The Raven Review

301 views
Sha Shewakar
  • 4/5

تا زیاتر ورد ببمەوە زیاتر دەزانم دەمەوێت ببم بە کێ. دەمێک بوو ئەمەم لە خۆمدا بەدی دەکرد، بەڵام تاوەک بینینی ئەم فیلمە نەمدەوێرا بیڵێم.

نووسەری ئەمریکی (ئێدگار ئالان پۆو) دەڵێت: "هەموو ئەوەی دەیبینین یان بینیومانە تەنها خەونێکن لەنێو خەوندا". ئەم بیرەش زۆر لە بیری خەیامی دەچێت. هەر ئەم وتەیەش کاری تێکردم دووبارە تێبفکرێم; کەی و لەکوێدا و چۆن و بەچی دەمەوێت ببم بە کێ.

هەڵبەت ئەم فیلمە، باسی ئێدگار خۆی دەکات و لە شیعری (The Raven - قەلە ڕەش) و کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی ئؽدگار خۆیەوە وەرگیراوە و بەرهەمهێندراوە. هاوشێوەی شیعر و چیرۆکەکانی، پڕە لە ئاتمۆسفێری سەرسامکەر و تۆقێنەر و پڕ لە خرۆشان و نهێنی پەنهان. پڕە لە نواندنی پاکزاد و ڕاست، هەڵچوون و داکەوتنی دروست. لەگەڵ ئەوەی ماوەی دەقەکانی پۆ و دەرهێنانی ئەم فیلمە سەروو سەدەیەکە، بەڵام بە هێزەوە دەتخاتەوە نێو هەم جیهانی بیرەکانی پۆ و هەم ئەو سەردەمەی تیایدا ژیاوە کە ساڵانی ١٨٠٠ بووە.

فیلمەکە باس لە زنجیرەیەک کوشتنی تەمومژاوی دەکات، بیرۆکە و هۆکاری ڕوودانیان لە ئەندێشە و خەیاڵەکانی ئێدگار خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە.

لەڕووی چیرۆکەوە شاکارە، نواندن و ئاکتەرەکانیش ناوازە بوون. سینەماتۆگرافییەکەی و لە گرتنی دیمەنەکاندا هەڵەی زۆر کەمی هەبوو. بوونی چەند پارچەیەک لەو مۆسیقایانەی پێیان ئاشنام تیایدا، دڵخۆشی کردم. بەهۆیەوە زیاتر گرنگی بە ئێدگار دەدەم و لەلام شیعرەکان و چیرۆکەکانی جوانتر کرد.

301 views
Loading...