لە نێوان مردن و لاوازییدا جگە هیچ، شتێکی تر نییە. تاکە جیاوازییشیان بوون و نەبوونی ڕۆحە. هەستکردن بەم ڕاستییە تەنها لای ئەوانە ڕوونە کە لە لێواری مردن یاخود لێسەندنەوەی ڕۆحی کەسێکی دی و خۆیان، گەڕاونەتەوە. مرۆڤ بە لێسەندنەوەی ڕۆحی کەسێکی دی وەك لە خۆی، دەتوانێت زیاتر ئازاری خۆی بدات. ئەمە بۆ دڕندەترین مرۆڤەکانیش هەر ڕاستە.
فیلمی (میکانیکی) تێکەڵی دەردێکی کوشندەت دەکات و ناتکوژێت، هەوێنی ئەو داخ و ئازارانەیە کە مرۆڤ پێوەی دەناڵێنێت. زیرەکانە یاری بە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانت دەکات و دووجار هەڵتدەخەڵەتێنێت.
تەنهایی و ئازاری تاوان لە ناوجەرگی فیلمەکەدا خول دەخۆن و ئاتمۆسفێری فیلمەکەیان بە زووخاو هەڵکێشاوە. هەستە ڕاستەقیینەکانی مرۆڤ دەردەخات، دەریدەخات لەوپەڕی بێکەسییشدا، کەسێك هەر هەیە تا لە ئازارەکانمان کەم بکاتەوە، بەو مەرجەی خۆمان ویستی کەمکردنەوەیانمان هەبێت.
لەڕووی سینەماتۆگرافییەوە، گرتە و ڕەنگ و دیمەنەکان جوان و سەرنجڕاکێشن. لەڕووی دەرهێنان و تەکنیکەوە، بەڕەچاوکردنی ساڵی بەرهەمهێنانەکەی، باشە. هەرچی ڕۆڵگێڕانی ئاکتەرەکانیشە، ڕۆڵگێڕانێکە سەرنجت ڕادەکێشێت. بەتایبەتی ڕۆڵی (کریستیان بەیڵ) کە ڕۆڵی سەرەکیی فیلمەکەی گێڕاوە.
*فیلمەکە بۆ منداڵ گونجاو نییە و فیلمێکی خێزانی نییە.