وێنەکانی جیهانی پیر - ١٩٧٢

دوشان هاناک کار لەسەر فۆتۆ دەکات. ئەو یەکێکە لەو دەرهێنەرە سلۆڤاکییانەی کە لە سنووری خۆیدا خۆرە. لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕەخنەگرانی سلۆڤاکیی ئەم فیلمەیان بە باشترین فیلم دیاریی کرد لە مێژووی سینەمای خۆیان. فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە تاوەک ساڵی ١٩٨٨ بینین و نمایشکردنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بوو. لێرەدا ناتوانرێت سەد دەر سەد بڕیاری ئەوە بدرێت کە ئەم فیلمە خاوەن پەیام و ئاڕاستەیەکی پڕوپاگەندەیییە، چونکە ڕاستەوخۆ ژیانی تاکەکان دەگوازێتەوە، هەر ئەمەیشە کاری فیلم و ژانرای دۆکیۆمێنتاریی. هاوکات سەرنج و تێبینی دەخاتە سەر ڕەوش و دۆخی ئەو کەسانەی بەهۆی سیستەمی سۆشیاڵیستییەوە لەژێر بارێکی گراندا دەژین، کە دەکرێت خوێندنەوەی وردتر و مێژووییانە بۆ ئەم چوارچێوەیە بکرێت بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەوەی ئەم فیلمە بەشێک بووە لە جەنگی سارد یاخود تەنها گواستنەوەی واقیعە؟.

دۆکیۆمێنتارییەکە سەرنج دەخاتە سەر ژیانی تاکەکان، بەتایبەتیی ئەوانەی تەمەنیان هەڵچووە و لە لێواری مردندان. لێرەدایە دوشان دێت و پرسیار لە ژیان و واتای بوون دەکات. کەسایەتیی و دۆخە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە و هەوڵی وەرگرتنی وەڵام دەدات. ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی ئەوانەی پرسیاریان دەربارەی واتای ژیان لێ دەکرێت، یان دەڵێن "نازانم ژیان چییە" وە یاخود دەڵێن "لە بیرم چووەتەوە!." ئەوەی دەمێنێتەوە پێیان وایە تەندروستییەکی باش ژیانە.

تێکنیک، سینەماتۆگرافی و ئەو فۆتۆیانەی گیراون بێهاوتان. هەر ئەمەیشە وای کردووە زۆرینەی ڕەخنەگرانی سلۆڤاکیی دەنگ بدەن بەوەی ئەم فیلمە باشترین فیلمی وڵاتەکەیانە.

فیلمی ژمارە ٥٦٨
وێنەکانی جیهانی پیر - ١٩٧٢
ماوە ١ کاتژێر و ١٤ خولەک
دۆکیۆمێنتاریی/دراما/بایۆگرافی
زمان: چێکۆسلۆڤاکیی
دەرهێنەر: دوشان هاناک
هەڵسەنگاندنم: ٨.٥/١٠
ئای.ئێم.دی.بی:٨.٢/١٠
-
*ناونیشانی فیلمەکەم بە جیهانی پیر وەرگێڕاوە، چونکە ناوەڕۆک پەیوەستە بە باس و ژیانی ئەو کەسایەتییانەی لە تەمەنی پیرییدا دەژین. دەکرێت ناونیشانەکە بەم شێوەیەش وەربگێڕدرێت: (وێنەکانی جیهانی کۆن). بەڵام من پێم باشتر و جوانتر و بەهێزترە کە وشەی "پیر" لەبری وشەی "کۆن" لێرەدا بەکاربهێنرێت بە مەبەستی دەلالەت کردن لە ناوەڕۆک وەک توخمێکی سەرەکیی فیلمەکە.
345 views
Loading...
Loading...
Loading...