updated
ئەپاکەڵیپس: جەنگی دووەمی جیهان - ٢٠٠٩

کۆی بەشەکانی ئەم دۆکیۆمێنتارییە گرانە لێکدانەوە و شیکردنەوەیان لە وتارێکی کورتی چەند پەڕەییدا کۆبکەیتەوە. بە شێوەیەکی ئەکادیمییانە ئەم دۆکیۆمێنتارییە ڕانان و قسەکردن لەسەر توخمەکانی لێکۆڵینەوەی دەوێت، و پێویستییان بە وردبوونەوەی جددی هەیە.
لە نێو کۆی توخمەکانی و بە کورتی، سەرنج دەخەمە سەر سینەماتۆگرافی و مۆسیقای زنجیرەکە. ئەم دوو توخمە، سینەماتۆگرافییەکەی بە تایبەتیی؛ تەواوکەرێکی دیاری زنجیرەکەن.

لە زۆرینەی دۆکیۆمێنتارییەکان، بەتایبەتیی ئەوانەی ناوەڕۆکێکی درامیی و حەماسییان هەیە، مۆسیقا ڕۆڵی گەورە لە وێناکردنەوە و تێگەیاندنی جەوهەری واقیع دەبینێت. (Jeff Beal) ئاوازداڕێژەری هەردوو دۆکیۆمێنتاریی (Blackfish و The Queen of Versailles) دەڵێت: "باوەڕم وایە ئاوازی مۆسیقیی (دۆکیۆمێنتاریی و گێڕانەوە) زۆرکات لە جێی هاوسۆزیی و ڕاستییەوە دێت. گەر کارەکتەریش "نابەدڵ" بێت یاخود لە ڕووی ئەخلاقییەوە کارەکتەرێکی جێ پرسیار بێت، ئەوە ڕۆڵی مۆسیقا نییە کە بڕیار دەدات یاخود گاڵتە بە گۆشەنیگایان دەکات. ئەمە دەکرێت بەتایبەتیی گرنگ بێت بۆ دۆکیۆمێنتارییەکان، لەو شوێنەی کە سەبجێکت توانای گەیشتنی هەبووە بە هەندێک لە دۆخی ئازاربەخش یاخود شەرمەزارکەر کە "گیراوە/تۆمارکراوە" لەلایەن کامێرای دۆکیۆمێنتارییەوە."

ئەم وتەیە بۆ ئاوازەکانی ئاوازداڕێژەری یابانیش (Kenji Kawai) بۆ زنجیرەی (Apocalypse: The Second World War) تەواو دروستە. کینژی جگە لەوەی ئاوازی خاتیمەی زنجیرەکەی بە ئاستێکی بەرز بەرهەمهێناوە و بوونێکی دیار و ئاوازێکی سەرەکیی زنجیرەکەیە بۆ دەستپێک و کۆتایی، لێ هاوسات کۆی ئاواز و ساوندتراکەکان هاوشانی بەشە جیاوازەکان هاوسۆزی دەسەڵاتە جیاوازەکانن و لە دەنگی حەقیقەتەوە هەڵهێنجراون. تێبینی بکە کاتێک ڕووی کامێرا لەلای هیتلەر یان ستالین یان چێرچڵ، بەرلین یان پیرڵ هاربەر و ستالینگراد، نۆرماندی و دەنکێرکە، هەست ناکەیت کە ئاوازداڕێژەر یاخود دەرهێنەری زنجیرەکە لایەنگیریی دەکات و هەژموونی بەرەیەک دەسەپێنێت بەسەر واقیع و دۆخی ئەوکاتی جەنگەکەدا. وێڕای ئەوەی سۆزت بەلای ڕووداو و چیرۆک و بەسەرهاتەکان ڕادەکێشێت، بەڵام ئەمە بۆ گشت هێز و لایەنەکان یەکسانە.

ساوندتراکی ٢٦، هەر ئەو ئاوازەی سەرەتا باسم لێوەی کرد لە دیدی منەوە لە ڕووی ڕیتم و ئاوازەوە نزیکە لە پارچەی بەنێوبانگی ئاوازداڕێژەر (Gerard Marino) لە ئەلبوومی یاری بەنێوبانگ (God of War) بە ناوی (The Vengful Spartan). جێی ئاماژەپێدانە پارچەکەی جێرارد کۆنترە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی تۆمارکردووە (لە کۆممێنتدا لینکی هەردوو ئاوازەکە دادەنێم).

سینەماتۆگرافی زنجیرەکە تەواو واقیعییانە و بێ سکرێپتە. بە شێوەیەکی تایبەت دیمەن و ڕووداوەکان لەلایەن ئەو کەسانەوە گیراوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لایەنەکانی جەنگەوە هەبووە، ئەو کەسانەی ڕۆڵیان هەبووە لە گرتنی دیمەنەکاندا کارەکتەری جیاوازی نێو جەنگەکا بوون، لەوانە: ڕۆژنامەنووسانی جەنگ، سەربازان، شەڕکەرانی بەرگری فەڕەنسی و کەسانی تایبەت و هاووڵاتییان. زنجیرەکە خاوەن ڕەنگە و هەموو ئەو گرتانەی مۆنۆکرۆمن هەموو ڕەنگسازییان بۆ ئەنجام دراوە. تاکە دیمەن و گرتەکان، ئەوانەی وەک خۆیان دانراونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیان بۆ نەکراوە لە ڕووی ڕەنگسازییەوە، ئەو گرتانەن کە دەربارەی هۆڵۆکۆست گیراون. ئەمانە وەک خۆیان و بەبێ هیچ دەستکارییەک لەنێو زنجیرەکەدا دانراونەتەوە. ئەمەیش هۆکار و ئایدیۆلۆجیایەکی مرۆیی درامیی لە پشتە.

لە هەندێک جێیشدا، کوشتن و کەوتنی سەربازەکان لە نواندن دەچێت. هاوشێوەی فیلمە کلاسیکەکان، کاتێک کارەکتەرێک فیشەکی بەردەکەوێت و بە شێوازێکی درامی و هەڵسوکەوتێکی عاتیفییانە (جووڵەی دەست و پێیەکان و شێوازی کەوتن) دەمرێت، بینەر وا هەست دەکات، کە کات خاو دەبێتەوە وە یاخود ئەوەی دەکوژرێت و دەمرێت دەیەوێت وەها خۆی نیشانی کامێرا بدات کە مردنی ئەم تراجەدیایە و پێویستە لەگەڵیدا بگریت. ئەمە بۆ هەندێک لە گرتەکان ڕاستە.

پێشنیار دەکەم بیبینن، دۆکیۆمێنتارییەکی تەواوە و دەتوانین بەم شێوازە لە فیلم بڵێین دۆکیۆمێنتاریی. ماددەکان، توخم و ڕەگەزەکان، لایەن و کارەکتەرەکان هەموو نائاگا و ڕاستەقینەن. ئەوەی هەیە ترس و ململانێیە بۆ مانەوە نەوەک چاوی کامێراکان، هەروەک ئەو فیلمانەی لەسەر ژیانی ئاژەڵان بەرهەمدەهێنرێن!.
339 views
Loading...
Loading...
Loading...