Mr. Nobody Review

60 views
  • 4/5

کات و بوون لە نێوەندی (مێتافیزیك و زانست)دا لە فیلمی (Mr.Nobody)

کاتێك لەوپەڕی لێواری بیرکردنەوە نزیک دەبینەوە، دەگەین بە پرسیاری کۆتایی؛ هۆکاری بوونمان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ گرنگی هەر هەنگاوێکی داهاتوو لە ژیانماندا پەیوەستی هەنگاوێکی ڕابردووە.

ئەو هەنگاوەی ئێستا دەینێین، لەهەمان ساتدا دەبێتە ڕابردوو، خاڵی بڕیاردانیش لەنێوان ئێستا و داهاتوودا دەوەستێت. هەڵبژاردن و بڕیاردان دەربارەی دانانەوەی پێمان لەسەر زەوی، گەیشتنمان بە "چی" ڕوون دەکاتەوە، ئەو دۆخە دیاری دەکات کە تێی دەکەوین.

گەڕان بەدوای مانای ڕاستەقینەی کاتدا، بێکۆتا لە ناوەندی ئەو بازنەیەدا دەمانخولێنێتەوە کە بوون چۆن کاتی دروست کرد و کات چۆن بوونی پێشخست. ئەوەی تاوەك ئێرە زانراوە بریتییە لەوەی کە کات بە یەك ئاڕاستە دەڕوات و هەموو ڕوویەکانی دیکەی دووریی بەدوایدا کەوتوون. هاوسات کات تەنها یەك ڕووی نییە و بە چەندەها ڕووی دیکە خۆی دەنوێنێت، تێگەیشتن لە ڕووە جیاوازەکانی کات پەیوەستە بە هەردوو زانستی فیزیا و فەلسەفەوە.

لە زانستی فیزیادا، بیردۆزی (ڕێژەیی تایبەت - Special relativity) پەیوەندی نێوان کات و بۆشایی ڕووندەکاتەوە، کە (ئالبێرت ئاینشتاین) لەسەر پایەی دوو بارودۆخی ڕاستەقینە بونیادی دەنێت. لە فەلسەفەشدا و لە فەلسەفەی شیکاری نوێ بەتایبەتی، باسکردنی ڕووەکانی دیکەی کات هاتە ئاراوە بەتایبەتی لە فەلسەفەکانی (J. W. Dunne)دا.

کات ئەو شتە نەناسراوەیە کە تەنها بە نەبوونی "هیچ" دەوەستێت، ئەوەی کاتیشی دروست کرد بوونی هەموو شتێك بوو تەنها "هیچ" نەبێت. تاوەك ئاسانتر لەمە تێبگەیت، بیهێنە پێش چاوی خۆت ئێستا بڕیاڕ لەسەر هەڵبژاردنێك دەدەیت کە دەتوانێت بە ئاسانی گۆڕانکاری لە ژیانی خۆت و هەموو ئەو شت و کەسانە دروست بکات کە بوونیان هەیە لە گەردووندا، ئایا بە وەستانی ئەو هەڵبژاردنەت کات چی بەسەردا دێت؟ دەکرێت لە خاڵی وەستان و بیرکردنەوە لەوەی چی هەڵبژێریت، هەموو ئەو کاریگەریی و ڕووداوانە لە جێی خۆیاندا بووەستن و چاوەڕێی هەڵبژاردنەکەی تۆ بکەن، ئەمە بەو مانایەی تۆ دەسەڵاتت هەبوو لە وەستاندنی ڕوودانی ئەو گۆڕانکارییانەی پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکەتەوە. کەواتە تۆ دەتوانیت گۆڕانکاری لە بەرەو پێشچوونی کات بکەیت لە ڕێگەی وەستاندن یاخود هەڵبژاردنی ئەو بەسەرهاتانەی دوابەدوای یەکتریی دێن.

باوەڕ بوون بە خۆشەویستی، دەمانگەیەنێت بەو ڕاستییەی کە کات بەرانبەری هەمیشە داماوە. من هەمیشە باوەڕم بە خۆشەویستییەکی بێگەرد بووە، چ بەرانبەر بە خودا، دایکم، ئەو کچەی ڕۆژێك لە ڕۆژان خۆشم دەوێت، ئەو پشیلەیەی بەخێوی دەکەم، سروشت، دواتر خۆم. با وای دابنێین خودا گەر مرۆڤی خۆشویستبا، لە بەهەشتی دەرنەدەکرد، خۆشیشی نەویستبا هەرگیز دروستی نەدەکرد، ئەمە بەو مانایەی وەستان لە هەڵبژاردنی خۆشویستن و خۆشنەویستندا هەمیشە ئەو ئەگەرییانە دەهێڵێتەوە کە دەکرێت ئەوە ڕووبدات کە چاوەڕوان نەکراوە، یان کاتێك دەکەویتە نێو هەستێکی قووڵ و خۆشەویستییت بۆ کەسێك پەیدا دەبێت، لەو ساتەدایە کە هەست دەکەیت کات لەلات وەستاوە یاخود خێراتر بووە، ئەمە بەو مانایەی سەرەتای دروستبوونی گۆڕانکارییەکان لە ژیانی تاکەکاندا و یاریکردن بە کات لە ژێر سایەی بوون و نەبوونی خۆشەویستییدایە. کەواتە بوون و نەبوونی خۆشەویستی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان بە بوون یاخود وەستانی کاتەوە هەیە.

پێش کۆتایی و باسی وردەکارییەکانی فیلمەکە، دەمەوێت ئەو خاڵەش بورووژێنم کە پرسیار لەسەر ڕاستیی بوونمان دەکات. بوونمان وەك ئەوەی کە بە ڕاستیی ئێمە کێین و ئایا بەڕاستی بوونمان هەیە، بەرکەوتنێکی گەورە دروست دەکات لەسەر ڕێڕەوی بەردەوامیی گشت دونیا. لە (ئۆنتۆلۆجی - Ontology)دا گەلێك پرسیار دەربارەی بوون کراوە، لەوانە: (مانای بوون چی دەگەیەنێت، بوون وەك خاوەندارێتی چییە، هەموو شتێكی بینراو دەبێت بوونی هەبێت، بە چی دەگوترێت بوون، شت چییە).

دەپرسین گەر بەڕاستیی ئێمە خۆمان نەبووینایە و کەسێکی دیکە بووینایە، ئاخۆ گۆڕانکاریی و ڕووداوەکان ڕێچکەیەکی جیاوازتریان دەگرت؟ بە دڵنیاییەوە بەڵێ، چونکە لە کۆتاییدا ئەوە من و تۆ و ئەوین کە بەردەوامیی بە کات دەدەین و هەر یەکێك لە ئێمە بە بڕیار و هەڵبژاردنەکانییەتی دیاریی دەکات ئێستا دەبێت چی بکرێت و دواتر چی ڕووبدات، بەبێ بوونی هیچ کامێکمان یاخود گۆڕانکاریی لە بوونی ڕاستەقینەی خۆماندا، ئەوا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و بەرچاو لە بەردەوامبوونی ژیان دەکرا بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە. ئاوها، بوونی تۆ وەك ئەو ڕووخسارەی لە ئاوێنەدا دەیبینیت و بەو ناوە خوازراوەی کە هەیە، گۆڕانکاریی زۆر گەورە لەوپەڕی لێواری گەردووندا دروستدەکات بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە.

فیلمی (Mr.Nobody) لە هەموو ئەو پرسانە پێکهاتووە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێیان دا. باسی کەسێك دەکات بە ناوی (نیمۆ) کە تەمەنی هەڵچووە و خۆیشی ناناسێتەوە، وا لە سەرەمەرگدایە و ژیانێکی جیاواز و سەمەرە دەگێڕێتەوە. جێی ئاماژەپێدانە (Nemo) لە زمانی ئیتاڵییدا بە مانای (هیچکەس) دێت، ئاوها کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە ناوی (هیچکەس هیچکەس)ـە (Nemo Nobody). پێش هەمووشتێك، وەك ئەوەی لە ناونیشانی چیرۆکدا بوونی هەیە، بە هەمان شێوە ناونیشانی فیلمەکانیش لە کۆد و ڕەمز پێکهاتوون، بە وردبوونەوە لە ناونیشانی فیلمەکە بۆمان دەردەکەوێت، نیمۆ گیرۆدەی ناسنامە خۆیەتی، و لەنێو خەیاڵی بوون (خلق) و ڕێچکەگرتنی ڕووداوەکانی ژیانیدا بە شێوازی جیاواز بیر دەکاتەوە.

فیلمەکە هەڵگری پێناسێکی بەهێزی فەلسەفە و خەیاڵە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەموو ئەوانەی ڕوودەدەن پەیوەستن بە بڕیارەکانی خۆمانەوە نەوەك دەسەڵاتێکی سەروو تواناکانی مرۆڤ. مێتافیزیك لەم فیلمەدا ڕۆڵیکی سەرەکی دەبینێت لە بەڕێوەچوونی زەمەن و ڕووداوەکان، هاوسات بڕیاردان و گۆڕانکارییەکان هەر لەنێو دەستی مرۆڤەکان خۆیاندا دەهێڵێتەوە.

دیمەنەکان لە سەرەتاوە تاوەك کۆتایی تەمومژاویین و وەڵامەکان ڕاستەوخۆ نادەن بەدەستەوە. هەڵگری بیرۆکەی دیمەنگەلێکی ئاوها لە فیلمێکی دوورماوەدا، دەکرێت تەنها بە دەرهێنەرێکی بەتوانای وەك (Jaco Van Dormael) و سینەماتۆگرافەری بە سەلیقە (Christophe Beaucarne) بکرێت و دەسەڵاتیان بەسەریدا بشکێتەوە.

بەکارهێنانی ڕەنگ و سیمبوڵ و ئاتمۆسفێر و فیگە (Figure)، وەك گەیەنەری وەڵامی پرسیارەکان بە وردی کاریان لەسەر کراوە و بینەر لە ڕێگەی ئەوانەوە باشتر هۆکارەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە.

ئەوەی جێی ئاماژەپێدانە ڕۆڵی سەرەکی ئاکتەر (Jared Leto)یە کە بە شێوازێکی بەهێز چەندین ڕۆڵی جیاوازی لە نێو هەمان جەستە و چەند چیرۆکێکی جیاواز بەرجەستە کردووە. کە ئەم خاڵە دەکرێت بە گرنگترین ڕەگەزی سەرکەوتنی فیلمەکە لەقەڵەم بدرێت. هەرچی دەمێنێتەوە بەکارهێنانی دەنگ و گۆرانی و مۆسیقایە لەنێو فیلمەکەدا بە شوازێکی زۆر ڕێکوپێک و دانانەوەیان لە کاتی خۆیاندا، کە بە هەمان شێوەی سینەماتگرافییە ناوازەکەی هەڵگری پەیام و دیدی جیاوازن.

فیلمێکی فەلسەفی و ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتن، سەیرکردنی بۆ تەمەنە کەمەکان لەژێر چاودێری کەسانی گەورە دەبێت.

60 views
Greyball
Its english translation, anyone? Can't get google translate working
Lady Bird
Same here :)
Loading...