Melancholia Review

351 views
Sha Shewakar
  • 4/5

ئەم فیلمە باس لە هەسارەیەك دەکات؛ (Melancholia)، کە لە خولگەی زەوی نزیک دەبێتەوە و ترسی بەرکەوتنی لەگەڵ زەویدا هەیە. هەسارەکە لەڕووی قەبارەوە لە زەوی گەورەترە و مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیان دروست دەکات. لە هەمان کاتدا خۆشترین ساتی ژیانی جەستینە (Kirsten Dunst) کە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیەتی، شوێنەکەش هۆتێلێکی (لەکشری- Luxury) کەنتری سایدە، مێردی خوشکەکەشی کە ناوی جۆنە (Kiefer Sutherland) بە بڕە پارەیەکی زۆر ئاهەنگەکەی تیادا بۆ سازکردووە. جۆن لەبنەڕەتدا لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی دەوڵەمەندە، گەردوون ناسە و هاوسەرەکەی کە ناوی کلێرە (Charlotte Gainsbourg) دوودڵە لە دڵدانەوەکانی مێردەکەی و باوەڕ بەوە ناکات کە هەسارەی مێلانکۆڵیا بەر زەوی ناکەوێت.

فیلمی ژمارە (٤٧٥)

شیکاری ژمارە (٣٨)

کاتی هەڵنەسانەوەی ڕووناکییە، ژیانی ئەبەدیی غەم و مردنە.

هەروەك چۆن (Melancholia) بە پارچە مۆسیقاکەی (Wagner) کە ئۆپێرا و میوزیك درامایە؛ (Tristan und Isolde) دەستپێدەکات، پێی دەستپێدەکەم.

باکگراوندی ئەم پارچە ئۆپێرایەی ڤاگنە، تێکهەڵکێشی ڕۆمانس و غەمە، لەدەستدان و دوورکەوتنەوەیە، هەر بۆیە دەرهێنەری فیلمی (Melancholia) کە (Lars Von Trier)ـە، بە وریاییەوە تیکەڵی فیلمەکەی کردووە. لەڕاستییدا فیلمەکە بە پارچەی سەرەتای ئەم ئۆپێرایە دەستپێدەکات و لەگەڵ هەر خاڵێکی تراجیدی نێو فیلمەکەدا لارز بەکاریهێناوە و هەر بەمەش کۆتایی پێدەهێنێت.

مێلانکۆڵیا بەشێکە لە سێینەی غەم، وەك چۆن لە فیلمی هەفتەی پێشوودا (Antichrist) باسم لێوەی کرد، سێینەی غەم سێ فیلمی یەک بەدوا یەکی (لارز)ن کە باس لە غەم و ئازاری زۆر قووڵ دەکەن. لارز دوای ئەوەی بەدەست (Depression - غەمی قووڵ/کەئابە)وە دەناڵینێت، دوا بەدوای یەکتر هەرسێ فیلمی سێینەی غەم دەردەهێنێت، تاوەك هەمووان بەنێو ئەو غەمە قووڵەدا تێپەڕ ببن؛ بە مانایەکی دیکە تێگەیشتن لەو غەمە قووڵەی مرۆڤێك پێوەی دەناڵێنێت. دەڵێت: "کاتێك تۆ غەمێکی زۆر قووڵ داتدەگرێت، ئەو هەستەت لەلا دروستدەبێت کە تەنها تۆ نیت گۆڕاویت، بەڵام هەموو جیهان.".

فیلمەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم بە ناوی: (جەستین) و بەشی دووەم بە ناوی: (کلێر). هەر بەشێك و باس لە دەروون و کارەکتەری هەر یەکێك لە دوو خوشکەکە دەکات و ڕۆدەچێتە نێو ناخیانەوە. ئەم فیلمە هاوشێوەی هەموو فیلمەکانی لارز، هێندە باسی ململانێی دەروونی و جیهانی نێو ناخی مرۆڤ دەکات، هێندە سەرنجت بەلای کۆنفلێکتە ژینگەیی و زەبەلاحە باوەکان نابات.

لارز هەمیشە درک بەوە دەکات کە ئەو گۆڕانکاریی و مەترسییانەی لەنێو ناخی مرۆڤدا ڕوودەدەن، زۆر مەزنترن لەو گۆڕانکاریی و مەترسییانەی لە دەرەوەی جەستە و دەروونی مرۆڤدا ڕوودەدەن. هێند دەڵێن ئەوەندەی کۆنفڵێکت و ململانێ ژینگەییەکان کاریگەریی دروست دەکەن، هێندە ناخ دروستی ناکات، ئەم قسەیەش لە نەزانین و درکپێنەکردنی ناخی مرۆڤەوە خۆی دەردەخات.

ئەم فیلمە جەنگی دەروونییە، ململانێیەکە هاوشانی فرۆید دەجەنگێت دژ بە دەمارگیری و کارەسات و نەخۆشییە دەروونییەکان، دەرخەری ڕووی ڕاستی هەموو پەیوەندی و هەستەکانە، بەدووی چارەسەردا وێڵە. جێی سەرسامییش نییە کە ناوی مێلانکۆڵیا لە ناوی ئەو نەخۆشییە دەروونییەوە هاتووە کە پەیوەندی بە هەستەوە هەیە و فرۆید باسی لێوە دەکات و دەڵێت: " کەئابەیەکی زۆر قووڵی ئازاربەخشە، بڕینی هەموو سەرسامییەکانە بەرانبەر بە جیهانی دەرەوە، لەدەستدانی هەموو ئەو شوێنانەیە کە خۆشەویستی دەتوانێت پڕیان بکاتەوە، کەبتکردنی هەموو چالاکییەکانە، وە نزمبوونەوەی ئیدراکە بەرانبەر بە خود و لەدەستانی توانای دەربڕین و کردارەکانە، گەیشتنە بە لوتکەی ئازاردانێکی وەهمی."

هەموو فیگەر و دیمەنەکانی نێو فیلمەکە، ناڕاستەوخۆ پێناسەی ئەو هەستە جیاوازانەت بۆ دەکەن کە ڕووبەڕووی مرۆڤ و ئاسوودەیی دەبنەوە، بە نموونە؛ مێلانکۆڵیا، کارەکتەرە سەرەکییەکان، ساحەی گۆڵفەکە، ئەسپەکان، زەوی، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە، هتد...

ئەم فیلمە ویستی مردن و بوونت تێدەگەیەنێت. کۆتایی تایملاینە کاتییەکە و ژیانت بۆ پێشدەخات و سەرەتا و ڕابردووت لەلا فەرامۆش دەکات. دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤەکان بە شێوەی جیاواز لەگەڵ کۆتایی ژیان کارلێك دەکەن و ڕادەمێنن. هەبوونی زانین و زانست مرۆڤ بێباك دەکات لە مردن، چونکە ژیرەکانن لە بێنرخی ژیان تێدەگەن و بێباکن لە کۆتایی هاتنی.

کەم کات هەموو هەست بەوە دەکەین کە جیهانی نێو ناخمان زۆر لە ژینگەی دەرەوە و گەردوون فراوان و گەورەترە، دۆزینەوەی ئەم ئیدراکەش پەیوەندی بە سەرمەست بوون بە ژیانەوە هەیە، بوونی غەمیش بۆ لەدەستدانی ژیان و زەوی ئازارێك نییە. هێند کاتیش خۆشەویستی بۆ خود و نەچەشتنی ئازار بەرانبەر بە مەترسییە زۆر گەورەکانی سەر ژیانت، وادەکەن خۆت کۆتایی بە خۆت بهێنیت.

لێکدانەو و تێگەیشتنی لارز و فیلمەکانی هێندە گرانن کەس ئارەزووی خۆدان لە قەرەیان ناکات. بیرۆکە و بەرهەمهێنانی فیلمەکان، هێندە بە سیمبوڵایز دەکرێن زۆرکات لارز خۆشی تیایاندا ڕادەمێنێ بۆ تێگەیشتن، واش نەبێت کە مانا نەبەخشن.

بەهۆی نواندنێکی ناوازەی (Kirsten Dunst) و بیرۆکە و سکرین پلەیە سەرسامکەرەکەی (Lars Von Trier)، سینەماتۆگرافیی و وروژاندنە فەلسەفیی و زانستیی و دەرونییەکانی نێو فیلمەکە، پلەی ٣٧ـەمین فیلمی ساڵی ٢٠١١ پێبەخشراوە. سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە بێزارکەرترین و قووڵترین فیلمە فەلسەفییەکان، لە ڕیزی ئەو فیلمانەیە کە لە ساڵی ٢٠١١ زۆرترین قسەیان لەسەر کراوە و زۆرترین جار بڵاوکراونەتەوە.

فیلمێکی خێزانی نییە و ڕەیتینگی (R) پێدراوە، گرانە بۆ تێگەیشتن.

351 views
Loading...