1001 Gram Review

24 views
  • 3.5/5

نەگۆڕی پلانک وەک شۆڕشێکی فیزیایی کوانتۆم

و فیلمی ١٠٠١ گرام لە پێدانی گرنگی بە جەوهەرییەتی بەردەوامی

چەند یەکەیەک لەو یەکانەی لەنێو (سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ یەکە/SI) بەکاردەبران، چیدیکە لە بەکارهێنانە زانستییەکاندا پشتێکی ئەوتۆیان پێ نابەسترێت. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دا دوای کۆبوونەوەی (BIPM) دەربارەی هەماهەنگی لەسەر بەکاربردنی یەکەیەکی نوێ بۆ پێوانەی کێش، بە زۆرینەی دەنگ و دوای ١٣٠ ساڵ بڕیار بۆ لابردنی (کیلۆگرام) وەک یەکەی ستاندارد بۆ پێوانەی کێشی ماددەیەک درا. دوابەدوای ئەم بڕیارە (نەگۆڕی پلانک) وەک کوانتۆم فیزیکی جەوهەریی نەگۆڕ دیاریی کرا بۆ یەکەی پێوانەی نوێی کێش. ئەم گۆڕانکارییە دووپاتی جێگیریی پێوانەکردنەوەکان دەکاتەوە، ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەو داهێنانە تێکنۆلۆجییانە (بەتایبەتی تێکنۆلۆجیای کوانتەم) کە لە داهاتوودا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە وتەی مارتن میلتۆن دایرێکتەری نوسینگەی نێودەوڵەتی بۆ کێش و پێوانەکان (BIPM) "بەکارهێنانی ئەو نەگۆڕە جەوهەرییانەی لە سروشتەوە وەریاندەگرین وەک بنەڕەتێک بۆ چەمکە گرنگەکان، هەروەک بارستایی و کات، بەو واتایەی ئێمە خاوەن بنەڕەتێکی جێگیرین کە لێیەوە تێگەیشتنە زانستییەکانمان بەرەو پێشەوە دەبەین، تێکنۆلۆجیای نوێ دادەهێنین و مەزنترین بەرەنگارییەکانی کۆمەڵگە دەستنیشان دەکەین."

ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر چوار لە حەوت لە بنەڕەتترین یەکەکانی (SI) دروست دەکات لەوانە: کیلۆگرام، ئەمپێر، کێڵڤن و مۆڵ؛ هەروەها هەموو ئەو یەکانەیش کە لێیان دەبنەوە لەوانە، هەروەک ڤۆڵت، ئۆم و جول.

فیلمی (١٠٠١ گرام) پەیوەستە بە جەوهەری نەگۆڕییەوە دەربارەی بەردەوامی و لۆجیک. ئەوەی جێی باسە دەربارەی ئەم فیلمە، هەوڵی جددی و بنەڕەتییە بۆ خستنەڕووی لایەنە سروشتییەکانی ژیان لەنێو جەمسەرە جیاوازەکانی فیزیادا. خۆشەویستی و بەردەوامی وەک بچوکترین یەکەی جوڵانی فۆتۆنێک دەردەخات و لە گرنگی ئەو پێشهاتە ورد و بچووکانە دەکۆڵێتەوە کە ڕێڕەوەی بەردەوامی دەگۆڕن. لە ڕاستییدا ئێمە دەکرێت بێئاگابین لە بچوکترین ئەو گۆڕانکارییانەی دەخولقێن، هەروەک ڕووتکردنەوەی شتێک لەبەر سروشت دا، پێگیرسانی ڕووناکییەک لەسەر تەنێک وە یاخود دانەوەی دەنگمان لەسەر ڕوویەکی بەرین. هەموو ئەمانە کاریگەریی لەسەر بەردەوامی سروشتی پەیوەندی و ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکەن، زۆر کاتیش ڕێژەی کارتێکردنە فیزیاییەکان گۆڕانکاریی جەوهەریی لەنێو دەرهاویشتەکانی بیرکردنەوەدا دەخولقێنن.

هەمیشە بە گرنگی دەزانم لە وتار و شیکردنەوەکاندا سەرنج بخەمە سەر خود؛ وەک خاڵی جەوهەریی و بنەڕەتی بیرکردنەوە. لە فیلمی ١٠٠١ گرامدا خود بوونێکی نیمچە دیاری هەیە، بەو واتەیەی هێند کات سروشت وەک پێشهات ئامادەییەکی زەقی هەیە لە دروستکردنی بڕیارەکاندا. کارەکتەری سەرەکی (ماری) وەک زانایەکی فیزیایی، خاوەن کەسایەتییەکی کراوە و قووڵە، ڕووناک و سروشتییە. ماری تێکەڵەیەکە لە هەستی قووڵی تەنیایی و گەردی فیزیایی کوانتەم. ئەو شۆخ و جوانە، سادە و زیرەکانە دەژی. لێ هاوتای خواردنی غەم بۆ تەنیایی گرفتاری گەیاندنی کێشێکی کیلۆگرامە لە وڵاتی نەرویجەوە بۆ پاریس.

ڕۆتین ڕۆڵێکی فراوانی دیوە، دەکرێت ئەمە دەرخەری ڕاستیی ژیانی ئەو کەسانە بێت کە لە بواری زانستییدا کار دەکەن. دووبارە بوونەوەی ئەرک و هەوڵەکان وەک پێداگیرییەکی ناویستانە لە سروشت و کارەکتەری ماری دا ڕەنگی داوەتەوە. هەمیشە لە هەمان جێدا دەخەوێت، هاوەڵی هەمان تەنهاییە، هەمان ڕێگە بە هەمان ئۆتۆمۆبیل دەگرێتە بەر، لە هەمان شوێنی کارەکەیدا جگەرە دەکێشێت. بەڵام ئەوەی ڕۆتین لێرەدا تێکدەدات پێشهاتە سروشتییەکانن، مردن، خۆشەویستی، کارەسات، ڕووداو. ئەمە بەخشەری وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە دەڵێت چی ڕۆتین تێکدەدات؟ ئەم تێکدانەیش وێناکردنەوەیەکە بۆ کرانەوە و تێگەیشتن لە خودی ژیان.

دەرهێنەر (Bent Hamer) هاوشانی ئاستە باڵاکەی سینەماتۆگرافەر (John Christian Rosenlund) دووبارە بەرکەوتنە قووڵەکان هاوتای حەقیقەت دەکاتەوە. هامەر جیاواز لە هەموو دەرهێنەرانی دی ڕیاڵیزم بە شێوازێکی فانتەسی و خەیاڵی وێنا دەکاتەوە. ئەوەی هامەر لە تێکەڵکردنی دراما و کۆمیدیا و تراجەدی دا دەیکات ناوازەیە، ڕووانینی هامەر بۆ پرس و دید و پێشهاتەکان لەنێو دیمەن و وێناکاندا ڕەنگ دەداتەوە.

لە فیلمی ١٠٠١ گرامدا بە جوانی ئەم ڕاستییە بەدی دەکەین. فیلمەکە خاوەن ڕووانینێکی قووڵی دوور مەودایە، بەو واتایەی دیمەنەکان شێوازێکی گشتی مێژووییان هەیە و سەرنج دەخاتە سەر گشت گۆشە و نیگاکان. هامەر لە ڕێی ڕەنگ و هاوێنەوە دەربڕین بۆ هەستەکان دەکات و بینەر ئەفسوونانە تێکەڵی حەقیقەتی هەستی نێو ڕووداوەکان دەکات. ڕەنگ وجوودێکی زەق و گرنگی هەیە لەم فیلمەدا، زیادتر وەک چەمک و هێما ڕەنگی (شین) خاوەن تایبەتمەندییە و لێیەوە پێمان دەڵێت چی دەبینین و چی ڕوودەدات.

ئاکترێس (Ane Dahl Torp) لە ڕۆڵی ماری دا بەرجەستەی تەواوی هەستەکان دەکات. ئەوەی تۆرپ ئەنجامی دەدات ئاستێکی زۆر-باشە'یە لە نواندن و بەرجەستەکەردنەوەی حەقیقەت لە دۆخێکی ڕیاڵیزمییدا. توانای ئەوەی بەخشیوە بە هەست و تێگەیشتنی بینەرانی فیلمەکە کە ڕاستەوخۆ پەی بە بوونی کێشە و گرفت و معاناتەکانی مێینە بکەن، هاوکات وای کردووە ڕەوتە زانستی و دراماتیکییەکەی فیلمەکە بەبێ پچڕان و بێ بەربەست بەردەوام بێت و پێی پێکانی ئەنجامی ناوەڕۆک و بابەت بگاتە ترۆپک.

لە کۆتاییدا ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە کە کاتی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، ئەو کاتەی هیچ هەوڵ و دەنگۆیەک نەبوو بۆ گۆڕینی یەکەی پێوانەی کێش کە ئەویش کیلۆگرامە. بەڵام هاوسات فیلمەکە ناڕاستەوخۆ سەرنج دەخاتە سەر ئەو گۆڕانکارییە کوانتەمییانەی لە کێش و بارستاییدا ڕوودەدەن. ڕووداو و پێشهاتە فیزیایی و کۆمەڵایەتییەکانی نێو فیلمەکە ئاماژە و هێمان بۆ گۆڕانکاری لە ژیاندا و پێکەوە بەستراونەتەوە.

سەرنجڕاکێشترین وتەی نێو فیلمەکە: "قورسترین باری ژیان ئەوەیە کە هیچ نەبێت هەڵی بگریت."

فیلمەکە بە شێوەیەکی فەرمی هەڵنەسەنگێندراوە و بینینی لەژێر چاودێری گەورەکاندا دەبێت.

24 views
Loading...