1035 views
Hawre Kamal
updated
  • 5/5

بۆچی ڕیک و مۆرتی تەنها بەیەک وەرز بووە زنجیرەی دڵخوازی من؟

بۆچی ڕیک و مۆرتی یەکێکە لە مەزنترین زنجیرەکانی مێژوو؟

بەکورتی زنجیرەکە بەسەرهاتی سەرکێشیەکانی ڕیک سانچێز و نەوەکەیەتی کە کوڕێکی تابڵێی گێل و ساویلەکەیە لەبەرامبەردا ڕیکی باپیری زانایەکی هەسارەی زەوییە و وا دەردەکەوێت کە زیرەکترین کەسی گەردوون بێت بە چەکە تایبەتیەکەیەوە ئەتوانێت بۆ هەر شوێنێک لە گەردووندا بیەوێت گەشت بکات، دەتوانێت گەشت بکات بەناو کاتدا بۆ داهاتوو، بۆ ڕابردوو، بۆ ناو تایمڵاینێکی تری کات، لێرەوە سەرکێشیەکانیان لە سەرتاپای گەردووندا و لە ئەڵقەیەکی 20 خولەکیدا دێتە بەر دیدەمان.

جا لە پشت هەر یەکێک لەم ئەڵقە بیست خولەکیانەوە باکگراوەندێکی خەیاڵی/زانستی وەستاوە لەپاڵ کۆمیدیایەکی ڕەش و فەلسەفەیەکی قووڵدا، لە هەر ئەڵقەیەکدا فکرەیەکی زانستی و پرسیارێکی فەلسەفی دەوروژێنێت کە وات لێدەکات پرسیار و گومان لە بوونی خۆت و مرۆڤایەتی بە گشتی بکەیت، بە کورتی هەر بیرۆکە و پرسیارێکی فەلسەفی کە لە سەرەتای مێژووە مرۆڤ لە خۆی کردووە، وەک ئەخلاق چیە؟ باش چیە و خراپ چیە؟ خوا چیە؟ ئاین چیە؟ لەناو ئەم زنجیرەیەدا ئەیدۆزیتەوە.

ڕیک لە زنجیرەکەدا کەسایەتیەکی تەواو پووچگەرا/Nihilist ی هەیە و کەسێکی گۆشەگیرە و زۆر خراپە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا تەنانەت لەگەڵ خێزانەکەی خۆشیدا کە بەهۆی زیرەکیەکەی و گەڕان بە تەواوی گەردووندا و ئەو ئەزموونەی هەیەتی دەزانێت کە مرۆڤ هیچ نرخێکی نیە لەم گەردوونە فراوانەدا ئاگای لەوەیە کە هێشتا هیچ نازانێت، ژیان تەواو لای بێمانایە و باوەڕی بە خوداش نیە، زۆربەی کات سەرخۆشە و هیچ هەستێکی مرۆڤانەی بۆ کەس نیە، هەر وەک سۆکرات/Socrates دەڵێت

"دانایی ڕاستەقینە ئەوەیە بزانیت کە هیچ نازانیت"

 لە یۆنانی کۆندا فاڵگرەوەکەی دێلفی کە خۆی بە نوێنەری خوداکان دەزانی لەسەر زەوی وتی سۆکرات زیرەکترین فەیلەسووفە لەسەر زەویدا، کاتێ خەڵکی ئەسینا ئەم هەواڵەیان بە سوکرات گەیاند ئەویش وتی "پێی بڵێن کە بەهەڵەداچووە چونکە سوکرات هیچ نازانێت" خەڵکی بەسەرسامیەوە ئەم هەواڵەیان بۆ کاهینەکە بردەوە، ئەوایش وتی هەرلەبەر ئەوەی سۆکرات زیرەکترین کەسە چونکە دەزانێت کە نازانێت.

وە لەلایەکی ترەوە عومەر خیامی نەیشاپووری دەڵێت:

بە خوێندنەوە کراوە فرچک گیانم

زانستە مژیم و بۆتە ئاو و نانم

حەفتاودوو ساڵە بیردەکەم، دەخوێنم

وا تازە دەزانم چ لە هیچ نازانم!

لە لایەکی ترەوە مۆرتی کەسایەتیەکی بوونگەرا/Existentialist ی هەیە کە سەرەڕای ئەوەی بەرە بەرە لە پووچی ژیان وشیار دەبێتەوە بەردەوام هەوڵدەدات مانایەک بۆ ژیان بدۆزێتەوە، هەوڵی بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و هەستی مرۆڤایەتی دەدات و بەردەوام ڕەخنە لە بڕیارەکانی ڕیکی باپیری دەگرێت، لێرە کاریگەری فکری پووچگەرایی کامۆ و نیچە بەسەر نووسەری زنجیرەکەوە دیارە، ئەو پووچگەراییەی نیچە بە ڕاگەیاندنی مردنی خودا ڕایگەیاند و کامۆ لە ئەفسانەی سیزیفدا پیشانمانیدا، هەر وەک لە ڤیدیۆی دووەمدا دەیبینن مۆرتی هانی سەمەری خوشکی دەدات کە خۆی بەدەستەوە نەدات.

وەک لە پۆستی ڕابردوودا وتم وەهم زۆر لە حەقیقەت پێویسترە بۆ مرۆڤ تا بەردەوام بێت لە ژیان، لێرەدا جێری کە باوکی مۆرتیە کەسێکی ڕوحانیە بەهۆی ئاینەوە خۆی لە بێواتایی ژیان دەدزێتەوە وەک دەردەکەوێت نەزانترین کەسی خانەوادەکە و دڵخۆشترینیشیانە کە بە شتانێکی زۆر بەسیت دەتوانێت خۆی دڵخۆش بکات و کەسێکی زۆر کەڵەڕەقە و بەردەوام باسی خۆی دەکات لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە تا مەعریفە زیاتر بێت سادەیی زۆرتر دەبێت تەنها گەمژەکان بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵدەڵێن شانازی بە شتانێکەوە دەکەن کە بە ئازایەتی خۆیان وەدەستیان نەهێناوە.

1035 views
Ah Med
Review e chak bu 👏
Hawre Kamal
@ah.med thank you ❤
Loading...