La Pianiste Review

334 views
updated
  • 4/5

دامانی مێینە لەژێر سایەی گرفتی دەروونی، و (Misogyny و Sexism)دا

فیلمی ژمارە (٤٩١)

شیکاری ژمارە (٤٣)

چێژی "وێناکردنەوەی ئاوازی مۆسیقا" هاوشێوەی چەشتنی خۆشییە لە ئازارەوە. ئامێری پیانۆ لە ڕووکەشدا ڕووخسارێکی ڕەش و سپی و بێ تامی لە خۆ گرتووە، بەڵام پیانۆ یەکەمین و سەرەکیترین ئامێری مۆسیقییە بۆ ڕۆچوونە نێو ناخی تاك و وروژاندنی داواکاری و حەزە پەنهانییەکان. ئاوازی بەرز و نزمی جیاوازی پیانۆ، زوو پەنجەی پڕ لە ئازار و هەستی قووڵی دەگاتە سەر ڕۆحی کەسی ماندوو، و ئاسان دەیهێنێت و دەیبات. ئەوانەی لە ناڵەی مۆسیقا تێدەگەن و دەنگی ئامێرەکان لەلایان دەبێتە وێنا و ژینگەی زیندوو، ئەوانەن کە لە دەرەوەی ناخەوە هەڵقوڵێنراونەتە ناوەوەی خود. ئاوازەکانی (Schubert) و داڕشتە مۆسیقییەکانی کە تایبەتن بە ئامێری (پیانۆ)، زیادتر لە هەر پارچەیەکی دی هەست و ئارەزووی توند لە ناخی تاکدا دروستدەکەن. کە شۆك دەبێتە دیاردەیەکی بەزەبری دەروونی، و کۆن دەبێت؛ بێنرخبوون و هەستنەکردن بە ئازار دێتە کایەوە، ئەم دیاردە دەروونییەیە کە لە دەرئەنجامی زۆرداری و پیاوسالارییدا لە سەرەتای تەمەنی مێینەوە سەرهەڵدەدات. لێرەدایە مۆسیقا دەبێتە هاوکارێك بۆ خۆ-ونکردن و بزێوی لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکاندا.

لەوە ناگەم بۆچی نەوەی ئێستا پشتیان لە شاکار و کارمەندانی مۆسیقای کلاسیکی کردووە و پۆپ و ڕۆك بووەتە جێی سەرسامی و سەرگەرم بوونیان؟ ئاخۆ هەستی خۆکوشتنە تاك بەرەو مێتاڵ بوون دەبات یاخود پشتگوێخستنی کاری ڕاستەقینە و جددیاتە تاك بەرەو پۆپ ڕادەکێشێت. بۆچی دەبێت هەمیشە کارە مەزنەکان پشتگوێ بخرێن و بەپێی تێپەڕبوونی کات نرخ لەق بکرێت. هاوساتە لەگەڵ کاڵبوونەوەی شاکاردا، بەهرەمەندی و سۆز دەمرێت. کارەکتەری (Erika Kohut) نموونەی ئەو مێینانەیە کە ڕادەستی ئاڵۆزی و گرانی ژیانێکی دڕندە کراون. [ئەم مامۆستای پیانۆیە و لە چلەکانی تەمەنییدایە، باوەڕی بە (Perfection) هەیە لە ئاست و نواندنی قوتابییەکانییدا. گرنگییدان بە مۆسیقا و هونەری کلاسیکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە کزبوون کردووە. ئێریکا لەگەڵ دایکییدا دەژی و لەسەر یەك پێخەف دەخەون، باوکی بەهۆی گرفتی دەروونییەوە لە مێژەوە لەدەست داوە، هاوسات لە ناخەوە (سادیزست)ـە و بەدوای کەسێكدا دەگەڕێت ئازاری جەستەیی بدات. ئێریکا ئاڵوودەی (پۆرنۆگرافی)بووە و ئازاری دەروونی خوێندکارەکانی دەدات لەکاتی هەڵەکردنیاندا. ئێریکا لەگەڵ نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هیچ پیاوێکدا بۆ هێنانە دی خەونە توندەکانی، خۆی لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئازار دەدات، بە رێژەیەکی بەرز و توند تاوەك دەگات بە خەتەنەکردنی خۆی.] تێگەیشتن لە دیاردەیەکی دەروونی ئاوها کارێکی گرنگ و لەسەرخۆیە. ئەم باسە یەکێکە لە گرنگترین و ئاڵۆزترین بیردۆزەکانی فڕۆید کە تایبەتە بە (Psychosexual development) و (Sexual Abuse). گەورەترین گرفتیش لە ژینگەی ئاسایی دەرەوەدا، نەناسین و تێنەگەیشتنە لەم کەسایەتییانە کە بە خۆکوشتن کۆتاییان دێت.

بۆ هەر ڕووداوێك هۆکار هەیە، بۆ هەر بڕیار و هەستێکیش کاریگەرییەك لە دەرەوەی ژینگەی ناوەوەی تاكەوە بە ئاڕاستەی ویست و داواکارییەکان ئاڕاستە دەکرێت. مەرجی چەوساندنەوەی مێینە هەمووکات لەژێر دەست و دەسەڵاتی پیاودا نییە، هێند کات مێینە بەهۆی تاكێکی مێینەی دیکەوە ئازار دەدرێت، و وەك دیاردەیش "خود" دەبێتە سەرچاوەی بزواندنی ڕق و ئازار لە مێینەدا؛ هەمان شت بۆ نێرینەش ڕاستە. تاكی سادیست یاخود (submissive) و خۆبەدەستەوەدان بەڕووی ئازاردا، پێویستە هەمیشە وەك قوربانی دەستی دەسەڵات و هێزی سەروو ئیرادە لێوەی بڕوانرێت. ئیگۆی هەر تاکێك لەگەڵ تێگەیشتن لە ڕوودا و کاریگەرییەکانی ژینگەکەیدا، بەرەو پێشەوە دەچێت. لەم دیاردەیەشدا ئیگۆ ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دوورکەوتنەوە لە ئازار و گرفتە دەروونییەکان. بەڵام لەکاتی ڕووخانی تاكدا بەهۆی لەدەستدان و گۆڕانکاری گرنگ لە سووڕی ژیاندا، نەمانی باوەڕ و نرخ دەبنە هۆی پشتبەستن بە چەشتنی ئازاری دەروونی و جەستەیی خودی، و هاوسات ئازاردانی دەروونی کەسانی بەرنابەر. لەم دۆسیەیەی ئێریکادا مردن و لەدەستدان دەبنە هۆی کەوتنی ئێریکا و ڕادەستبوونی بە ڕووی دەسەڵاتی بەرانبەر و حەزی توندی خودی بۆ گەیشتن بە لوتکەی چێژ. دۆخی ئیریکا وا دەخوازێت کەسی نەوێت، بەڵام پێویستی بە کەسێك بێت، ئەم *گرفتەیش دووچاری زۆرینەی تاکە مێینەکان دەبێتەوە لە کۆمەڵگە زۆر کراوەکاندا. *(دۆسیەی زیندووی لەم جۆرەیش لە کوردستاندا هەیە).

سینەمای ئەوروپا، و فەڕەنسی و ئیتاڵی بە تایبەتی، سینەمایەکی بێ خەوشن. ئەوەی ئەمان ئەنجامی دەدەن و تیشکی دەخەنە سەر، خۆی لە گرفتە قووڵەکانی کۆمەڵگە و نەریتە بێسوودەکانی کولتوردا دەبینێتەوە. هەڵدانەوەی ڕاستی ئەرکێکی پیرۆزە بۆ باشتر کردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و چاککردنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان. وشەی "قەدەغە" یاخود "ڕێگەپێنەدراو/محرم" لە سینەمای ئەوروپییدا بوونی نییە، کە ئەمەیش خاڵێکی جەوهەرییە بۆ سەرکەوتنی سینەما لە ئەوروپادا. خاڵێکی دیکەی گرنگ لە سینەمای ئەوروپادا، ڕانەکردنە بەدوای ناوبانگ و پارەدا، ئەوەی لێرەدەکرێت کارکردنە بۆ بەرهەمێکی پیرۆز بە مەبەستی چاککردن و باشترکردنی ڕەوش و دۆخە ئاڵۆزەکانی نێو کۆمەڵگە. نەبوونی پروپاگەندە و موبالەغە لەنێو فیلمەکانی ئەم سنوورەدا، وایان کردووە سەری ڕێزیان بۆ دانەوێنرێت و ستایشی کارە مەزن و پڕ واقیعییەکانیان بکرێت.

فیلمی (La Pianiste - The Piano Teacher) بە یەکێك لە گرنگترین ئەو فیلمانە دادەنرێت کە باسێکی گرنگ و توندی نێو کۆمەڵگەی هەڵداوەتەوە و بە مەبەستی چارەسەر، ڕاستییە نهێنییەکان نیشانی جەماوەر دەدات. بەهۆی ڕۆڵە زۆر نایابەکەی (Isabelle Huppert) و (Benoît Magimel) خەڵاتی باشترین ئەکتەر و ئاکترێسی فێستیڤاڵی فیلمی کانی وەرگرتووە لەپاڵ ٤ خەڵاتی دیکەدا لە ساڵی ٢٠٠١. سینەماتۆگرافییەکی زۆر جوان و پشتبەستن بە گرتەی وەستاو و بەکارهێنانی ڕەنگێکی سادە، فیلمەکەیان پڕ لە مانا کردووە. کەمترین سیمبول و هێمای شاراوە لەنێو فیلمەکەدا بەکارهێنراوە، ئەوەی هەیە تێگەیشتنە لە ناخ و دەروونی کارەکتەرەکان و شیکردەوەی دۆخی دەروونیان بە بەکارهێنانی زانستی دەروون ناسی.

بە هیچ جۆرێك فیلمێکی خێزانی نییە و لەو فیلمانەیە کە بۆ کەسانی تێگەیشتوو بەرهەمهێنراوە، بەهۆکاری بوونی گرتەی بێ سانسۆری پۆرنۆگرافی و خوێن، توندوتیژی، سێکس، جگەرە، ئەلکهۆڵ.

ئەم شیکارییەش خۆی لە سپۆیڵدا نادۆزێتەوە.

334 views
Greyball
BTW review is written in which language?
@Greyball it's written in kurdish language. Thank you for asking.
Loading...